دابەزینی رێژەی ١٢%ی هاوسەرگیری لە پارێزگای کوردستان

20:50 - 27 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: رێژەی هاوسەرگیری لە پارێزگای کوردستان لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ١٢% کەمی کردووە.

هەواڵدەریی فارس لەزاری \"ئەمیر جەوان کیا\"بەرپرسی ئیدارەی رەگەزنامەی باری کەسێتیی پارێزگای کوردستان لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٩ هەزار و ٥١ حاڵەتی هاوسەرگیری لەو پارێزگایە تۆمار کراوە کە ئەو رەێژەیە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا ١٠ هەزار و ٣٣٣ حاڵەت بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ٦ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو ١٢% کەمی کردووە.

ئەمیر جەوان کیا راشیگەیاند: کە ساڵی رابردوو ٢١ هەزار و ٣٣٧ حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجام دراوە و هاوکات ٣ هەزار ٨٠ حاڵەتی \"تەڵاق\"یش رووی داوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە زیادبوونی رێژەی \"٦.٩١ لە سەدی\" تەڵاق داوە و گوتی:لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٥٧٨ حاڵەتی تەڵاق رووی داوە، بەڵام ئەو رێژەیە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا ١٤٧٦ حاڵەت بووە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە ئەو ئامارانە دەرخەری دۆخی نالەباری هاوسەرگیرییەکانن لە پارێزگای کوردستان، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی زانستیانە خەسارناسی و لێکۆڵینەوە لەو بوارەدا بکرێت و بەرپرسان و کارناسان هەنگاوی ئەرێنی بۆ هەڵبگرن.

لە درێژەدا راشیگەیاندووە، کە لەهەر رۆژێکدا ٨٨ حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت و هاوکات ١١ حاڵەتی ‌جیابوونەوەش روو ئەدات.

هەروەها رێژەی ئەو سکاڵایانەی کەلە دادگاکان لەسەر تەڵاق تۆمار کراون \"٦٠% ژنان، ٣٠% پیاوان و ١٠% \"یش بە شێوەی دڵخواز بوون.
جێگری کاروباری کۆمەڵایەتیی پارێزگای کوردستان هۆی ئەو جیابوونەوانەی بۆ کێشەی ئابووری، بێکاری و گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر گەڕاندۆتەوە راشیگەیاندووە کە بەپشت بەستن بەو ئامارانە، پارێزگای کوردستان هەشتەمین پارێزگایە کە زیاترین حاڵەتی جیابوونەوە تێیدا روو ئەدات.