دابین کردنی بژیوی ژیان کوژرانی لاوێکی ١٣ ساڵەی لێ کەوتەوە

12:53 - 16 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی تەمەن ١٣ ساڵ، خەڵکی شاری خۆی لە سنووری بازارچەی ڕازی بە دەستی جێگری فەرماندە پاسگای ڕازی کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە لاوێکی کورد تەمەن ١٣ ساڵ بە ناوی \"ڕەسووڵ یووسفی\" خەڵکی ناوچەی قوتوور لە کاتی هێنانی چەند گاڵۆن گازوئیل لە سنووری ڕازی ناوچەی قوتوور، بە دەستی جێگری پاسگا کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو لاوە ١٣ ساڵە بە هۆی لێدان و ئەزیەت و ئازاری مەئموورانی هێزی ئینتزامی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و جێگری پاسگای ڕازی شاری خۆی بە ناوی \"بایرام عەزیمی\" کوژراوە، ئەو سەرچاوەیەش هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: پاش لێدانی ئەو لاوە کوردە، جێگری فەرماندەی پاسگای ڕازی سەری ئەو لاوە کوردەی لە میللەیەک داوە و ئەمەش دەبێتە هۆی کوشتنی ئەو کاسبکارە کوردە.

بەخشداری ناوچەی قوتوور لە ڕاگەیەندراوێکدا، کوژرانی ئەو لاوە تەمەن ١٣ ساڵەیەی بۆ شەڕ و کێشەی چەند کەسی گەڕاندەوە و ئۆباڵی کوژرانی ئەو کاسبکارە لاوە کوردەی خستە ئەستۆی هاوڕێیەکانی و هێزە ئینتزامییەکانی لەو ڕووداوەدا بەبێ تاوان نیشان دا.

پاش بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی بەخشداری ناوچەی قوتوور، هاووڵاتییانی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر کوشتنی ئەو لاوە کوردە و ڕاگەیەندراوەکەی بەخشداری، ڕژانە سەر شەقام و ناڕەزایەتی خۆیان لەو کارە دەربڕی.