دابین کردنی بژیوی ژیان دوو قوربانیی لێ‌کەوتەوە

15:55 - 8 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو کاسبکاری کورد لە ناوچەی سنووریی شاری سەردەشت کەوتنە بەر دەستڕێژی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی ئالانی شاری سەردەشت، بە ناوەکانی \"لەتیف و ڕەئووف عەلیخانی\" کوڕی ساڵح، خەڵکی گوندی گوێزلی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی پاسگای \"گوێزلی\" دەکوژرێن.

ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١٠:٣٠ شەوی ٧ لە سەر ٨ی پووشپەڕ ڕووی داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: \"گروبانێکی پایەگای گوندی \"گوێزلی\"ی ناوچەی ئالانی سەدەشت تەقەی لەو دوو برایە کردووە، کە یەکێکیان دەستبەجێ دەکوژڕێت و پاش ئەو ڕووداوە برای کوژراوەکە هەڵدەکوتێتە سەر گروبانەکە و دەیکوژێ و پاش ڕووداوی دووهەم، سەربازەکانی پایەگا تەقەی لێدەکەن و برای دووهەمش دەکوژن و هەوڵ دەدەن دەست بەسەر جەنازەری لەتیف و ڕەئووفدا بگرن.

هەواڵنێری کوردپا ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە، خەڵکی گوندەکانی \"بێژوێ و گوێزلی\" هێرش دەکەنە سەر سربازەکان و جەنازەکانیان لێ دەستێنەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو ڕووداوەدا ١٢ سەر ئەسپی کاسبکارانی سەر سنوور بە هۆی دەستڕێژی هیزە نیزامییەکان بەکوشت چوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سێ‌ڕێیانی بۆیەنی شاری بانە، ماشێنێکی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکەوێتە شوێن ماشێنێکی کاسبکاران بۆ ئەوەی دەست بەسەر ماشێنی ئەو کاسبکارانەدا بگرن.

هەر لەو ڕاوەدوونانەدا فەرماندەی هێزی ئینتزامی ٢ ژن بەر ماشێنەکەی دەدات و ئەو ٢ ژنە گیانیان لەدەست دەدەن.

هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان کە وەک سەرچاوەی داهاتی زۆربەی خەڵک بە ئەژمار دێت، ڕوو لە پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری دەکەن.