خەیروڵڵا حەقجوویان بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا

11:49 - 7 پووشپەڕ 2722

خەیروڵڵا حەق‌جوویان ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەحنە بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەو چالاکە یارسانییە بە کوردپای ڕاگەیاند: "دادگای ئینقلابی شاری سەحنە خەیروڵڵا حەق‌جوویانی بە تۆمەتی دامەزرانی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزاییەتییەکان و پڕوپاگەندە دژی نیزام، بە ساڵێک زیندان مەحکووم و ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٢١ی جۆزەردان بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە".

ئەو سەرچاوەیە وتی: "١١ مانگ لە ماوەی زیندانیکردنی ئەو چالاکە یارسانییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسێردراوه. خەیروڵڵا حەق‌جوویان بەنیسبەت ئەو حوکمەی دادگای ئینقلابی سەحنە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە".

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠، خەیروڵڵا حەق‌جوویان، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠، ئەو ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرا.

ناوبراو لەلایەن دادستانیی شاری سەحنەی کرماشان بانگهێشت کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بە تۆمەتی "بێڕێزی بە بەرپرسان و پیرۆزییەکانی حکوومەتی ئێران" و قەبووڵنەکردنی خەیروڵڵا حەق‌جوویان لەمەڕ بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بۆ ئازادیی کاتی و هەروەها ڕەتکردنەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی، ڕەوانەی زیندانی دیزڵاوای کرماشان کرابوو.

ناوبراو  لە سەرەتای دەسبەسەرکرانیدا، مانی گرتبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠، "سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی، داریووش حەیدەری، شارۆخ سائێمیان، پەیام ڕەزایی و نۆشاد تاهیری" لە چالاکانی مەدەنیی یارسان، بۆ پشتیوانیکردن لە خەیروڵڵا حەق‌جوویان مانیان گرتبوو و ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنابوو.