خەڵکی سەقز بە گوتنەوەی دروشم، یارمەتییەکانیان رەوانەی لێقەوماوانی شنگال کرد+وێنە

19:50 - 9 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەو یارمەتییانەی کە لەلایەن چالاکانی مەدەنیی شاری سەقزەوە لە رێگەی کەمپەینەکانەوە بۆ لێقەوماوانی شنگال کۆکرابوویەوە، رەوانەی هەرێمی کوردستان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی خەرمانان ئەو کەلوپەل و یارمەتییانەی کە لەلایەن خەڵکی سەقزەوە پێشکەشی ئاوارەو لێقەوماوانی شنگال کرابوو، بە ٤ کامیۆنی بارهەڵگر و لە رێگەی سنەوە رەوانەی خاڵی سنووریی باشماخی مەریوان کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز رایگەیاند؛ ئەو یارمەتییانەی کە لەلایەن خەڵک و چالاکانی مەدەنیی شاری سەقزەوە کۆ کرابوونەوە، لەلایەن ١٠٠ کەسی خۆبەخشەوە بار کران و خەڵکی ناوشار بە گوتنەوەی کۆمەڵێک دروشمی وەک \"هه‌موومان شنگالین، كێ‌ئه‌ڵێ‌شنگال ته‌نیایه‌، بژی‌كورد، بژی‌ كوردستان و كه‌س نه‌ڵێ‌كورد مردووه‌كورد زیندووه\" یارمەتییەکانیان رەوانەی لێقەوماوانی شنگال کرد.

\"21844.jpg\"
دەگوترێت، بەهۆی خراپ بوونی رێگەی سەقز – مەریوانەوە، ئەو یارمەتییانە رەوانەی شاری سنە کراون و بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە لە خاڵی سنووریی باشامخەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێن و کەسێکیش بەناوی ئازاد ئارمی وەکوو چاوەدێر لەگەڵ ئەو کەلوپەلانە دەچێتە هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی رێکخراوی مانگی سوور بە ناوی \"بەهرامی\" لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی ئوستانی (شەبەکە سنە)ی رایەگەیاندبوو؛ ئەو کەلوپەل و یارمەتییانە لە ماوەی ٩ رۆژدا لە ناوشاری سەقزدا کۆکراونەتەوە.

وتەکانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە، کە چالاکانی مەدەنیی شاری سەقز بۆ ماوەی حەوت رۆژ مۆڵەتی یارمەتی کۆکردنەوەیان لە ناوشاری سەقزدا وەرگرتبوو، بەڵام ئەماکینی شاری سەقز، پاش ٥ رۆژ چالاکیی کەمپەینەکە، مۆڵەتی چالاکییەکەیان لێ هەڵوەشاندنەوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا تەنیا لە ئوستانی کوردستان و جگە لە کۆکردنەوەی کەلوپەل، ٣٠٠ ملوێن پارەی نەخت بۆ لێقەوماوانی شنگال کۆکراوەتەوە، کە سەرجەمی ئەم یارمەتییانە بەبێ یارمەتیی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆ کراوەتەوە.
\"21840.jpg\"

\"21841.jpg\"

\"21842.jpg\"

\"21843.jpg\"