خەڵک لە گوندی ئەلیاسی سەرپێلی زەها بە هانای کۆڵبەرانەوە چوون

13:25 - 23 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی ڕادوونانی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی سەرپێلی زەهاو، خەڵکی یەکێک لە گوندەکان نەیانهێشت کەلوپەلی کۆڵبەران وەدەست هێزە حکوومەتییەکان بکەوێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتووبە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵکی گوندی ئەلیاسی و هێزەئینتزامییەکانی حکوومەتی هاتە ئاراوە و ئیزنیان نەدا کەلوپەلی کاسبکاران لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستی بە سەردا بگیردرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ماشینی کۆڵبەرانی کورد دەدەنە بەر دەستڕیژی گولـله و پاش پەنچەرکردنی ماشێنی کۆڵبەران، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزە ئینتزامییەکانی خەڵکی ئەو گوندە دێتە ئاراوە و بە یارمەتی خەڵک شتومەکی کۆڵبەران دەست هێزە ئینتزامییەکان نەکەوت\".

ئەو کۆڵبەرانه خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانی بوونه کە بە هۆی بێکاری ڕوویان لەو پیشە پڕ مەترسیه کردووه.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.

ئەو چین و توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بە ناچاری بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.