خەڵاتی پڕۆفیسۆر "حیسابی" پێشکەش بە لێکۆڵەرێکی کورد کرا

11:15 - 7 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: خەڵاتی تایبەتی پڕۆفیسۆر حیسابی، بەهۆی نووسینی باشترین تێز لە ئێران، درایە لێکۆڵەرێکی کوردی خەڵکی شاری نۆدشە.

"کوروش ئەمینی"، کارناسی باڵای جوغرافیا و گەڵالەداڕێژی (برنامەریزی روستایی)، وەکوو باشترین تێزی ئێران، خەڵاتی پڕۆفیسۆر حیسابیی پێ بەخشرا.

ئەو لێکۆڵەرە کوردە لە فێستیڤاڵی کۆتایی باشترین تێزەکان لە ئێران، بە تێزی "شرۆڤە و لێکدانەوەی ئاسەواری دروستکردنی بەنداوەکان لەسەر ژیانی گوندەکان، بۆ نموونە "بەنداوی داریان"، بە باشترین ئیمتیاز پلەی یەکەی بەدەست هێنا.

فێستیڤاڵی کۆتایی باشترین تێزەکان، وەکوو یەکێک لە فێستیڤاڵەکان، لەژێر چاودێریی ئاکادمیی نێونەتەوەیی زانستی و تێکنۆلوژیی ئێران، هەر ساڵ بەرهەمە باشترەکان دەستنیشان دەکات.

ئەو بەرهەمانە لەلایەن هەیئەتی داوەرانەوە پلەبەندی دەکرێن و لەوحی ڕێزلێنان و خەڵاتی تایبەتی پڕۆفیسۆر حیسابی تایبەت بەو بەرهەمانە، لەلایەن فێستیڤاڵەوە دەدرێتە براوەکان.

"کوروش ئەمینی"، نووسەر و لێکۆڵەری باڵای زمان، فەرهەنگ و وێژەی هەورامان، خەڵکی شاری نۆدشەی سەر بە پاوەیە.