خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠١٤، دەبەخشڕێتە ژنە هونەرمەندێکی کورد

15:58 - 4 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: مەڵبەندی هونەریی ماملێ، لە شآزدەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد ماملێدا، خەڵاتی ماملێ دەبەخشێتە ژنە هونەرمەندیکی خەڵكی کوردستانی تورکیا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زۆزان گولەر، ژنە هونەرمەندی گۆرانیبێژی خەڵکی کوردستانی تورکیا، لەلایەن (مەڵبەندی هونەریی ماملێ)وە، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ماملێ دەستنیشان کراو بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا لە وڵاتی ئاڵمان خەڵاتەکەی پێشکەش بکرێت.

مەلبەندی ماملێ هۆکاری دەستنشیان کردنی زۆزانی بۆ خەڵاتی ماملێ، بۆ ئەوەوە گەراندۆتەوە، کە زۆزان لە زەمەنێکدا هەنگاوە سەرەتاییەکانی خزمەت بە کولتوور و هونەری کوردیی هەڵهێنا، کە چالاکیی هونەری و کوردی لەبەر کێشەی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی چەتوون بوون.

ژنە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، زۆزان لە ساڵانی خزمەتکردنی بە هونەری کوردیی هەوڵی داوە بەشێک لە ئاوازە دێرینەکانی کورد زیندوو بکاتەوە، و هاوکات سروودی نیشیمانی و شۆڕشگێڕانەشی گوتووە و کاریگەریی لەسەر هونەرمەندەکانی جیلی دوای خۆی داناوە.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ رێکەوتی ١٩ی رەشەممەی ١٣٨٧ی هەتاوی لە دەمین ساڵڤەگەری كۆچی دوایی هونەرمەند محەمەدی ماملێدا بە ئامانجی هاندان و پەرە پێدان و گەشە پێدانی هونەر لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواری و بە شێوەیەكی فەرمی لە وڵاتی نۆروێژ دامەزرا.

ئەو مەڵبەندە کە بە فەرمی لە وڵاتی نۆروێژ تۆمار کراوە، هەتا ئیستا خەڵاتی بە هونرمەندانی وەک قادر عەبدوڵڵا زادە ناسراو بە \"قالە مەرە\" لە بۆكان لە ساڵی ٢٠٠٩ و ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ ناسراو بە \"باكووری\" لە ساڵی ٢٠١٠، عەباس کەمەندی سالی ٢٠١١، عەزیز شارۆخ ٢٠١٢ و ناسر رەزازی ٢٠١٣ی بەخشیوە.

ئارام. ح