خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بەخشرایە هونەرمەندێکی کرماشانی

11:47 - 26 رێبەندان 2719

شەوی ٢٥ی ڕێبەندان، لە ڕێوڕەسمێکیدا لە تاران، ئەندامانی بنەماڵەی ماملێ بە نوێنەرایەتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ، خەڵاتی هونەریی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ی زایینییان پێشکەش بە هونەرمەندی کرماشانی، مامۆستا "محەممەدڕەزا دارابی" کرد.

هەروەها لەو ڕێوڕەسمەدا، "ناسر ڕەزازی" هونەرمەندی کورد، بە کورتە ڤیدیۆیەک بەشداری ئەو ڕێوڕەسمەبوو و هەروەها لەوحی ڕێزلێنانی" ڕەزازی"ـش پێشکەش بەو هونەرمەندە کرا.

خەڵاتی زێڕینی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١١ ساڵە بەردەوامە و لەلایهن "مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌"وە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتی هونەریی کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمەی ١٣٨٧ی هەتاوی لە دەیەمین ساڵڤەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەند "محەمەمدی ماملێ"ـدا بە ئامانجی هاندان، پەرەپێدان و گەشەپێدانی هونەر لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواری و بە شێوەیەكی فەرمی لە وڵاتی نۆروێژ دامەزرا.

ئەو مەڵبەندە کە بە فەرمی لە وڵاتی نۆروێژ تۆمار کراوە، هەتا ئیستا خەڵاتی بەم هونەرمەندانە بەخشیوە: قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە "قالە مەڕە" لە بۆكان لە ساڵی ٢٠٠٩ و "ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ" ناسراو بە "باكووری" لە ساڵی ٢٠١٠، "عەباس کەمەندی" ساڵی ٢٠١١، "عەزیز شارۆخ" ساڵی ٢٠١٢ و "ناسر ڕەزازی" ساڵی ٢٠١٣ی زایینی.