خەڵاتی مافی مرۆڤی زانستگەی تۆرێنتۆ پێشکەشی کەبوودوەند کرا

20:05 - 7 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: هاوسەری محەممەدسەدیق كەبوودوەند بەرپرسی زیندانیی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی ناوبراو، خەڵاتی دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤی وەرگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەم ساڵ زانستگەی شاری تۆرێنتۆ لە کانادا ڕێزی لە محەممەدسدیق كەبوودوەند ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی کورد گرت کە ساڵانێکە لە بواری مافی مرۆڤدا تێکۆشانی هەیە.

خەڵاتی ichrی زانستگەی تۆرێنتۆ کە لە لایەن سێ خوێندکارەوە دیاری کراوە، بە بەشداریی چالاکانی مەدەنیی کوردستان بە نوێنەرایەتی بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، درایە خاتوو پەریناز حەسەنی.

\"29243.jpg\"
لەم ڕێوڕەسمەدا کە ڕۆژی ڕابردوو لە ماڵی کەبوودوەند لە تاران بەڕێوەچوو، وتەبێژی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، دوایین دۆخی محەممەدسدیق كەبوودوەند لە زیندانی باس کرد و لە نەدانی ئازادیی مەرجدار و یاسایی بەو چالاکەی بواری مافی مرۆڤ، بە توندی ڕەخنەی گرت.

ئیجلال قەوامی لە درێژەدا، هاودڵیی و هاوکاریی خەڵکی لە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی کەبوودوەندی بەرز نرخاند.

هەروەها هاوسەری کەبوودوەند لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: \"بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، هاودڵیی خەڵکی بە گەورەترین سەرمایەی مەعنەویی هەر کۆمەڵگایەک دەزانن\".

ڕێوڕەسمەکە چەندین میوانیشی لە شارەکانی کوردستان هەبوو، کە لەوێدا ڕەئووف کەریمی و حامید فەرزی لە ئەندامانی شوورای ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کورد، هەلومەرجی ئێستای کوردستانی ئێرانیان بۆ بەشداران ڕوون کردەوە.

ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا باس لەوە دەکات کە تووران کەبوودوەند، خۆشکی کەبوودوەند، سپاسی خەڵکی کرد کە سدیقیان لەبیر نەکردووە.
ئەو دامەزراوەی کە خەڵاتەکەی داوەتە بەرپرسی زیندانیی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، ژێرکۆی ناوەندی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە کانادایە (ICHR) و خەڵاتی ساڵی ٢٠١٤ی خۆی پێشکەشی ناوبراو کردبوو.

محەممەدسدیق كەبوودوەند چالاكی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووس و دامەزرێنەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٦ دەستبەسەر و لە لایەن دەزگا قەزاییەكانەوە بە تاوانی \"هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی\" و \"دامەزراندنی ڕێکخراوی نایاسایی\" بە ١٠ ساڵ زیندان و هەروەها بە تاوانی پڕوپاگەندە بەدژی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە یەك ساڵی دیکە زیندان مەحكووم كرا.

ئەو ١١ ساڵ زیندانییە دواتر لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری تارانەوە بۆ ١٠ ساڵ زیندان كەم كرایەوە.