خەڵاتی شانازی فستیڤاڵی Summer film school بە بەھمەنی قوبادی پێشکەش کرا

21:38 - 7 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: فستیڤاڵی فیلمی Summer film school کە لە وڵاتی چێک بەرێوە دەچێت خەڵاتی شانازی چل و چوارەمین دەورەی خۆی پێشکەشی سینەماکاری بەناوبانگی کورد بەھمەنی قوبادی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فێستیڤاڵی فیلمی Summer film school خەڵاتی ئیفتخاری چل و چوارەمین دەورەی خۆی پێشکەیش بە بەهمەن قوبادی، هونەرمەندی ناسراوی کورد کرد.

ئەم فیستڤاڵە لە ٢٧ی مانگی جوون تاکوو ٥ی ئۆگست بەرێ دەچێت و مەبەستی ئەم فیستیڤاڵە فێرکاری سینەمای جیھان بۆ ئەو کەسانەیە کە بەشداری دەکەن.

ھەموو سالێک زورتر لە ٥٥٠٠ کەس بەشداری ئەم فیستیڤاڵە دەکەن که زۆربەیان خوێندکار و سینەماکارن. ئەمساڵ لە بەشی ڕێزلێنانی ئەم فیستیڤاڵەدا، ڕێزیان لە بەھمەنی قوبادی و بەرھەمەکانی گرت.

فیستیڤاڵەکە بە نمایشی فیلمی «کیسەڵەکانیش دەفڕن» کاری خۆی دەس پێکرد و فیلمەکانی دیکەی قوبادی وەکوو کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان، کەس ئاگاداری پشیلە ئێرانیەکان نییە و وەرزی کەرگەدەن لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکە نمایش دەکرێت.

بەھمەنی قوبادی ھەروەھا وۆرک شاپێک سینەماکاری و دەرھێنەری بۆ لایەنگرانی سینەما بەڕێوە دەبات.

بەهمەن قوبادی ساڵی ١٣٤٨ هەتاوی لە شاری بانە لە پارێزگای کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و ناوبراو بە دروست کردنی کورتە فیلمێک بە ناوی\"ژیان لە تەم و مژ\" چووتە ناو دونیای سینما هەروەها بەدروست کردنی فیلم\" کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان\"چووە ڕیزی فیلمسازانی پروفیشناڵەوە.