خەم و ئازاری ئاوارە کوردەکانی کەمپی "دومیز" لە گەشتێکی دیکەدا

14:00 - 15 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هەواڵنێری کوردپا لە گەشتێکی دیکەدا بۆ لای ئاوارە کوردەکانی کەمپی \"دومیز\" لە پارێزگای دهۆک، خەم و برک و ئازارەکانیانی لە دووتوێی چیرۆکە راپۆرتیكی راستەقینەدا خستۆتە روو.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧/٩/١٣٩١ بارانێکی نەرم دەباری، چاوم بڕیبووە زەوی کە چۆن ئاوی دەخواردەوە و تەڕ و نوێ دەبۆوە، منیش هەوایەکی پاڤژم هەڵمژی. لەمێژ بوو هەوای پاک و بای فێنکم هەڵنەمژیبوو، سەرمەست بووم، لە پڕا خێوەت و تۆرز و خۆڵم بە بیرم هاتەوە، بیرم کردەوە کە ئێستا من بە باران و تەڕ بوون سەرمەستم، دەبێ خەڵکانێک لەژێر خێوەتدا دەژین و کاتی خۆی تۆز و خۆڵ بووە، ئاخۆ ئیستا چۆن بێت.

\"10026.jpg\"
زوو هاتمەوە ژوورێ تەلەفۆنم بۆ کەسێک کرد کەلە شوێنیکی ئاوادا دەژی، کاک عەلی پێی وتم کە بە رۆژ بەردەوام باران دەبارێ و ئاو هاتۆتە ناو خێوەت و ماڵی خەڵکەوە، هەر ئەو ئێوارەیە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەم خۆمان ئامادە کرد بۆ ئەوەی بە زووترین کات خۆمان بگەیەنینە لای ئەوان.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی سەرماوەز کەش و هەوا هەورییە و جار و باریش باران دەبارێ، من خۆم زۆر حەزم لەم کەش و هەوایە، بەڵام هەرچی کات تێدەپەڕی دڵتەنگتر دەبم، لەنێو ماشین دانیشتووم و هەڵمی سەر شوشەکان ناهێڵێ دەرەوە بە جوانی ببینم ، جارجارێک بە دەستم پاکی دەکەمەوە، بەڵام بێ سوودە هەڵم ناهێلێ سروشت ببینم، بارانیش بە کەیفی خۆی جاری وایە زۆر توندە و جاری واشە نەرم و لەسەرەخۆیە، ئەم خاکە لەمێژە چاوەڕێی ئەو بارانەیە.

\"10027.jpg\"
چەترەکەم هەڵدا و لەسەر سەری خۆم و هاوڕێیەکەم ڕامگرت و رۆیشتین، باران بە نەرمی دەکەوتە سەر شەقامەکانی دهۆک، پارێزگای دهۆک دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستانی(عراق). لە دەرگای چوونە ژوورەوەی پارێزگای دهۆک رێنماییان کردین بۆ بەشی راگەیاندن، لەبەر ئەوەی ئێمە دەمانەویست بچینە کەمپی ئاوارەکانی کوردی سووریە (کەمپی دۆمیز) بۆیە پێویست بوو بۆ چوونە ناو ئەو کەمپە ئیزن وەربگرین، کە چووینە ژوورێ راگەیاندن کاک هووشمەند پیاوێکی قسە خۆش، لەسەرەخۆ و وردبین پرسیاری لێ کردین کە بۆ دەچن بۆ کەمپ؟ کاک هووشمەند لەسەرەخۆ ، بە وردی قسەی دەکرد ئێمەش بەپەلە بووین.

\"10028.jpg\"
هەندێک لە خێوەتەکان کە ئاڵای کوردستانیان لەسەر دەشەکایەوە، ببوون بە دوان یەکیان لەناو ئاوەکاندا دیار بوو یەکێکیشیان لە لای ئاوەکە دیار بوون، ئە شوێنە کە کەمپەکەی لێ دروست کراوە بەشێکی کەوتۆتە قەدپاڵی گردێکەوە و بەشەکەی دیکەشی لە دەشتاییە، ئاوی قەدپاڵەکە دێتە دەشتایەکەوە رادەوەستێ و گۆماو درووست دەبێت.

ئەم کەمپە شەقامێکی سەرەکیی هەیە لەگەڵ چەندین کەرت کە هەر کەرتەی چەندین کۆڵانە، ئەو شەقامە سەرەکییە کە دەروازەی چوونە ژوورەوەی کەمپە و هەموو بەشە ئیدارییەکان و رێکخراوییەکان لەوێن. زۆر سەیرە بۆ ساتێک چۆڵ نابێت، حەشیمەتێکی زۆر لە هاتوچۆ دان، خەڵک ئەوەندی بەسەردا هاتوو چووە و رەت بوو بەڵام توێژاڵێک قوڕی لەسەرە.
هەرکە لە ماشین دابەزیم دەنگی پێی خەڵکیم گوێ لێ بوو کە بەناو قوڕدا دەچوون. ئێمە ئیزن نامەکەمان پێی بوو و چووینە ئاسایشی کەمپ و پاشان ئەوان ئێمەیان رەوانەی بەرێوەبەرایەتیی کەمپ کرد. لەبەر دەرگای بەڕێوەبەرایەتیی کەمپدا کۆمەلێک خەڵک راوەستابوون، رووخساریان ماندوو و بۆر بوو، بێزار و چاوەڕێ راوەستابوون، رێگەی ئێمەیان کرد بچینە ژۆرێ داڵانی بەڕێوەبەرایەتی پڕ بوو لە ژن و منداڵ.

\"10029.jpg\"
ژووری بەرێوەبەر گەرم و خۆش بوو دانیشتین دیتم کە چەند هەواڵنێر و وێنەگری تری کورد لەوێ بوون وا دیار بوو ئەوا بەدوای زانیاریی ئەو هەواڵەدا دەگەڕان کە هەیئەتێکی لە حیزبە کوردییەکانی سووریە هاتوون و سەردانی کەمپیان کردووە.
کاک ئیزن نامەکەی ئێمەی خوێندەوە و هەندێک زانیاریی وردی لەسەر دانیشتوانی کەمپەکە بە ئێمە دا.

ئەو ئاوارانە هەر کە کامێرایان بینی یان زوور خۆشحاڵ دەبوون و دەڵێن (سوورە مەرا بکشینە) یان زوو دەم و چاویان دادەپۆشن.

تەلەفۆنم بۆ ئەو هاوڕێیانەم کرد کە دوێنێ ئاگاداری کردمەوە لە بارودۆخی کەمپ، ئەو وتی کە چەند کاتژمێرێکی تر خۆم دەگەیەنمە لاتان، ئیستا میوانم هەیە.

\"10030.jpg\"
خێوەتەکان دوو جۆرن، جۆریکیان ژێر خێوەتەکان سیمان کراوە و یەک ریز بلووکیشیان بە دەوردا کێشراوە و پاشان قەراغەکەیان هەڵداوە و بە دەوری خێوەتەکەدا گڵیان رۆ کردووە و لەناو خێوەتەکەدا نایلۆنیان راخستووە و ئینجا پەتوو و دۆشەکەیان راخستووە، جۆری دیکەشیان خێوەتەکە بۆ خۆی ئامادەیە یانی تەنیا پیویستی بە هەڵدان هەیە و ژێرەوەی بە خێوەتەکەوە چەسپاوە و دەرگای هەیە کە بە زیپ دادەخرێ، بەڵام کێشەی ئەوەیە کەلە مادەی پلاستیکی ساز کراوە کە بە کەڵک نایەن لەبەر سەرما ساردن و لەبەر گەرماشدا گەرمن.

ئەو شوێنە بۆ خۆی گڵەسوورە و دەشتە، بۆیە کاتێك باران دەبارێ ئاو دەچێتە ناو خێوەتەکانەوە و باتایبەت لەم ماوەیەدا لە پارێزگای دهۆک بارانێکی زۆر باریوە کە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەریی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان٣٦/٨ “mm” باران باریوە.

\"10031.jpg\"
\"نیاز نووری\" بەڕێوەبەری کەمپی دۆمیز پێی راگەیاندین کە رۆژانە ١٠٠٠ تا ١٥٠٠ کەس لە کوردی خەڵکی سووریە پەنا بۆ ئەو کەمپە دێنن کە هەتا ئێستا ٣٧ هەزار کەس لەو کەمپەدا نیشتەجێ کراون.
جارێکیان کە چوومە ناو کەمپەکە \"پیاوێکی ریش ماش و برنجی\" دەرگای خێوەتەکەی لاداو و بانگی کردم، منیش کە چوومە پێشێ ژنێکی کە تەمەنی لە ٤٥ ساڵ بۆ سەرێ بوو، ئازاری دەکێشا کە بە یارمەتی ئەو پیاوە و کچەکەی هەستایە سەرپێ. کابراکە گووتی هەموو رۆژێک دەیبەمە دەرمانگەی کەمپەکە و دەرزیەکی لێدەدەن و دەیهێنمەوە بۆ ناو خێوەتەکە و دەبێ دیسان ئازار بکێشێت. منیش لەبەر ئەوەی ئیقامەم نیە ناتوانین سەردانی نەخۆشخانەی دهۆک بکەین و نەخۆشیەکەی چارەسەر کەین.

هەموو بنەماڵەکان بە نایلۆن یان بە خێوەتێکی کۆن حەمامێکیان درووست کردووە و کە حەمام کردن بەو سەرمایە لە ئاوەها حەمامێکدا یەکجار دژوارە کە زۆربەی ئەو ئاوارانە دەیانگوت زیاتر لە حەفتە و ١٠ رۆژە سەریان نەشۆردووە.

\"10032.jpg\"
زۆربەی دانیشتوانی کەمپی دومیز لە منداڵان و بەساڵاچوان پێکدێنن کە هەموویان بوونەتە قوربانی سارد و سەرما و نەخۆشی.

کەسێک لەگەڵ ئەوەی کە قاچێکی دەسکرد بوو کۆڵان بە کۆڵان و خێوەت بە خێوەت هاوڕێیەتی کردین، کابرایەکی رەش تاڵە و قسە خۆش لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی راوەستابوو.
ئەو کەسەی کە دوێنێ منی لە بارودۆخی ئەو کەمپە ئاگادار کردەوە بە ئەسپایی و لەسەرەخۆ گوتی هەتا ئێستا باردۆخی کەمپەکە باش بووە، بەڵام لەگەڵ نزیک بوونەوەی زستان ئامادەکاریی پێویست نەکراوە.

\"10034.jpg\"
هێندێک لە کەمپ نشینەکان لەبەر ئێمە لە دەرەوە راوەستابوون، بەر دەرگای خێوەتەکان قوڕێکی یەکجار زۆری لێبوو بە شێوەیەک قوڕ بە پێڵاوەکانیانەوە نووسابوو، بە ئەستەم دەتوانرا لە یەکدی جیا بکرێنەوە.

قەبارەی خێوەتەکان \"٤ لە ٥\"ە هێندێک کەس باسیان لەوە دەکرد زۆربەی ئەو خێوەتانە هەتا ١٠ کەسی تێدا دەژین و هێندێک خێوەتی دیکە هەیە کە ٢ بنەماڵەی تێدا نیشتەجێن. هەر گەڕەکێکیش تەنیا یەک ئاودەستی تێدا هەبوو.

کەسێکی دیکەی قژماش و برنجی کە پاڵتۆیەکی سووری کاڵەوەبووی لەبەردا بوو بە ورەیەکی بەرزەوە دیگوت کە ئێمە خۆمان بە خاوەنی ئەو ئاڵایە دەزانین و ئەوە ئاڵایەی کە ئێمە لەسەر بان هەڵمانداوە ئی هەموومانە.

\"10033.jpg\"
دوو بەشیان لە بارودۆخەکە ناڕازی بوون، بەڵام دەیانگوت کە حکوومەتی هەرێم لە هاوکاری کردنی ئێمە درێغی ناکات لە هامان کاتیشدا خەلکێکی زۆر هاتوونەتە ئەو کەمپە و بارانیش دەباری یەکجار ساردیشە.
ئەوەندی ئێمە پرسیمان کە ئەوا پێویستتان بەوە هەیە کە خێوەتەکەیان گەرم بکەن، جلوبەرگیان بۆ منداڵەکانیان هەبێ و نەخۆشخانەکانیش دوکتۆر و دەوا و دەرمانیان هەبێت.

ئێستا هێدی هێدی بەرەو ئێوارە نزیک دەبینەوە و هەوا بەرەو تاریک بوون دەڕوات و ئاسمانیش تەم و مژە و بە نیشانەی هێور بوونەوەی کەش و هەوا مانگ جار جاریش رووی خۆی دەردەخست، بەڵام هێشتا زستان دەستی پێنەکردووە.