خەبات مەنگوری بە ٣ ساڵ زیندانی حوکم درا

15:54 - 5 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کوردی خەڵكی شاری مەهاباد، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی زیندانی کرانی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خەبات مەنگوری، تەمەن ٣٠ ساڵ و کوری سلێمان، پاش یەک مانگ دەستبەسەر کرانی لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهابادەوە، لە رۆژانی ئەم حەفتەیەدا بە سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم درا.

خەبات مەنگوری، کە بەبێ پارێزەر لە دادگای ئینقلابی مەهاباد دادگایی کراوە، هەتا ئێستا حوکمی دادگاییەکەی پێ رانەگەیەندراوە.

خەبات مەنگوڕی، بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی مەهاباد، رێکەوتی ٢ی سەرماوەزی ئەمساڵ، سەبارەت بە بەڕیوەچوونی کۆبوونەوی ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدنەیی کورد لەمەڕ سووکایەتیی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد بە هونەرمەندی کورد حەسەن زیرەک، دەستبەسەر کرا.

هەتا ئێستا تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو چالاکە کوردە روون نەبۆتەوە، بەڵام دەگوترێ کە بە \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" تۆمەتبار کراوە.

خەبات مەنگوڕی، پێشتریش بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانی چالاکانی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد بۆ پشتیوانی لە خەلکی کۆبانی، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەستبەسەر کرابوو.

\"23537.jpg\"
خەبات مەنگوڕی، بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی مەهاباد
ناونەدی دەنگ و رەنگی مەهاباد، کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە راپرسییەکدا حەسەن زیرەکی لە تەنیشت موحسین یەگانە و مورتەزا پاشایی دو وگۆرانیبێژی فارس دانابوو، کە رادە و ئاستی خۆشەویستی و پێگەییان لەرێگەی راپرسییەکی تەلەفزیۆنیدا و لە ناو خەڵکدا دیاری بکرێت، کە چالاکانی فەرهەنگی و هومەرمەندانی کورد ئەو کارەیان بە سووکایەتی بە حەسەن زیرەک وەسف کرد.

ئەو سووکایەتییەی ناونەدی دەنگ ورەنگی مەهاباد نارەزایەتیی چالاکانی کوردی لەو شارەدا لێکەوتەوەو لە ەئنجامی ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینەدا ژمارەیەک لەو چالاکانە دەستبەسەر لێپرسینەوەیان لێکرا.