خەبات مەفاخری بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

11:26 - 2 خەرمانان 2721

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانان، "خەبات مەفاخری" چالاکی ژینگەیی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کوردە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

خەبات مەفاخری ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژ بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە ماڵەکەیدا لە سنە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوی لێپێچینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو.

خەبات مەفاخری مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە ٤ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو، مەحکووم کرا.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٩٩، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی دادگاییەکەی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە ژینگەییە ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا ناوبراویان ئازار و ئەشکەنجە دابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

خەبات مەفاخری ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستانە.