خۆکوژییە زنجیرەییەکان لە شاری سەقز درێژەی هەیە

17:00 - 21 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: چوارەمین خۆکوژی، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، لە شاری سەقز ڕووی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، چوارەمین خۆکوژی لە شاری سەقز لە یەک مانگی ڕابردوودا ڕووی دا.

خۆکوژەکە کە پیاوێکی تەمەن ٣٣ ساڵانە بە ناوی \"ڕەئووف\" و دانیشتووی گەڕەکی \"کانی‌گەرمکاو\"ە لە سەقز، خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەست داوە.

ئەمە چوارەمین خۆکوژییە کە لە یەک مانگی ڕابردوودا لە سەقز ڕوودەدات.

هێشتا بە تەواوی لە چۆنییەتی ئەم ڕووداوە خۆکوژییە زنجیرەییانە لەم شارە زانیارییەک لەبەردەستدا نیە، بەڵام ئەنجومەنی کولتووری گشتیی شاری سەقز(شورای فەرهەنگی عموومی) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکیان پێکهێناوە و فەرمانداری شاری سەقز داوای لە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و کولتووریی و چارەسەرییەکان کردووە کە هەوڵێکی زۆرتر و پێداگرییەکی زیاتر لەسەر ئەم کێشەیە بکرێت.

ماوەیەکە لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ڕێژەی خۆکوژی بەرز بۆتەوە و هۆکاری ئەم ڕووداوانە زۆرتر بۆ کێشەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و نەخۆشییە دەروونییەکان وەکوو خەمۆکی دەگەڕێتەوە.