خۆکوژیی کچە قوتابییەکی تەمەن ١٩ ساڵ لە سەردەشت

14:02 - 22 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: کچە قوتابییەکەی تەمەن ١٩ ساڵەی خەڵکی سەردەشت لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠‌ی رێبەندان کچێک بەناوی \" مەستانە رەشیدی تەڵەب\" لەماڵەکەی خۆیاندا، خۆی هەڵواسیوە.

مەستانە خوێندکاری قۆناغی دواناوەندی و کچی \"رەحمان رەشیدی تەڵەب\"، دوای ئەوەیکە نانی \"شەوێ‌\"‌ی لەگەڵ بنەماڵەکەی خواردووە، هەوڵی خۆکوژی داوە.

دوایین حاڵەتی خۆکوژی لەشاری سەردەشت رێکەوتی ١٢‌ی رێبەندان بوو، کە ژنێک بەناوی شیلان ئیبراهیمی خەڵکی گوندی \"دۆڵەگەرم\"ی ناوچەی سەردەشت، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.

ئەو ژنە بەهۆی ئەوەی کە لەلایەن برا و مێردەکەیەوە بەرەوڕووی لێدان و کوتان ببوویەوە، لە سەربانی ماڵەکەیان خۆی فڕی دابوویە خوارێ و گیانی لەدەست دابوو.

بە وتەی چالاکانی مافی ژنان، ئاستی نزمی زانیاری ژنان و نەبوونی دەرفەتی کار و بایەخ نەدان بە ویستی ژنان لەکۆمەڵگەدا و زۆر جاریش توندوتیژی لەهۆکارەکانی دیاردەی خۆکوژی لەکوردستانن.

هەر ئەو چالاکانە لەوباوەڕەشدان، یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش بەرگرییەکی ئەوتۆی لەمافی ژنان تێیدا بەدی ناکرێ‌و کاتێکیش ژنان و کچان بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هیچ ناوەندێک نییە کە پشتیوانیان لێ‌بکات، بۆیە بەناچاری پەنا بۆ خۆکوشتن دەبن.