خۆکوژیی کچێک لە شاری دێلوڕان بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکی بێ عیلاج

23:50 - 9 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوژی کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە شاری \"دێلوڕان\"ی سەربە ئوستانی ئیلام، ئاماری خۆکوژیی ژنان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران گەیشتە ١٥ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی جۆزەردان کچێک بە ناسناوی \"جادری\" تەمەن ٢٠ ساڵ و دانیشتووی شاری دێلوڕان بەهۆی هەژاری و تووشبوون بە نەخۆشییەکی بێ عیلاج خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو کچە هەتا قۆناخی دیپلۆم درێژەی بە خوێندن دابوو کە بەهۆی هەژاری و سەختیی باری گوزەران و هەروەها تووشبوون بە نەخۆشێیەکی بێ دەرمان، دەستی دابوویە خۆکوژی و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٥ ژن و کچی کورد بەهۆکاری جۆراوجۆر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.