خۆکوژیی کوڕ و کچێکی لاو لە شاری دیواندەر

17:15 - 18 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی شەممە ١٥ی گەلاوێژ، کچێکی لاو بە ناوی "میترا گۆران" تەمەن ١٨ ساڵ کچی کەماڵ، بەهۆی دژایەتیی باوکی ئەو کچە لەسەر پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ کوڕێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژ، فەرهاد سادقی تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی خەلیل، خوازبینیکەری میترا پاش سەرکەوتوونەبوونی بۆ ڕەزامەندیی باوکی کچەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە "کوردپا"ی ڕایگەیاندووە: "ئەو کچ و کوڕە ماوەی ٦ ساڵە دڵیان پێکەوە هەبووە و چەندین جار بنەماڵەکەی کوڕەکە خوازبینیان لە کچەکە کردبوو بەڵام باوکی کچەکە ڕەزامەندی لەسەر نەبووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ تەنانەت باوکی کوڕەکە ڕایگەیاندبوو لە ئەگەری ڕەزامەندیی باوکی کچە لەسەر پێکێنانی ژیانی هاوبەشی میترا و فەرهاد، هەرچی ماڵ و داراییم هەیە (منقول و غیرە منقول)، بەو بنەماڵەیە دەیدەم.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاندووە، یەکێک لەو بیانووانە کە باوکی میترا بە "فەرهاد"ی گرتبوو ئەوەیە کە دەبێت بچیت سەربازی تەواوی بکات و تەنانەت پاش تەواوبوونی سەربازییەکەی دووبارەی ڕەزامەندیی لەسەر ژیانی ئەو دوو لاوە دەرنەبڕیبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت؛ ئەو دوو بنەماڵەیە، پێشتر ژن و ژنخوازیان لە نێوانیاندا هەبووە، بەڵام ئەمجارە باوکی کچەکە کەوتووەتە ڕەق بۆیە پاش چەند جار خوازبێنی، وڵامی نەرێنی بووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاندووە؛ تەنانەت میترا بە فەرهادی وتووە، لە هەر شوێنێک تۆ ژیان بکەی من ئامادەم لەگەڵت بێم، بەڵام فەرهاد ئەو داوایەی ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی من نامهەوێ بێ ڕەزامەندیی بنەماڵەکەت لەگەڵ تۆ ژیان پێک بێنم.