خۆکوژیی ژنێکی دووگیان لەشاری مەهاباد

22:15 - 25 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوشتنی ژنێکی دیکەی کورد لە شاری مەهاباد، ئاماری خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، گەیشتە ٤٣ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی خەرمانان ژنێک بەناوی \"ناهید عەلی نژاد\" خەڵکی شاری مەهاباد، لە ئەنجامی کێشەیەکی بنەماڵەییەدا کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

دەگوترێت کە ئەو ژنە دوو گیانە دانیشتووی گەڕەکی \"باغی سیسە\"ی شاری مەهەباد بووە کە بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

چالاکانی ژنان، نەبوونی یاسایەکی تۆکمە و ناوەندێکی تایبەت بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان، هەبوونی یاسای دژە ژن و نامرۆڤانە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، بە هۆکاری زیادبوونی رێژەی خۆکوژیی ژنان لە قەڵەم ئەدەن.

بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا سەرجەم ٧٤ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کەلە کۆی ئەو رێـژەیە ٤٣ کەسیان ژن و هەروەها ٣١ کەسیان پیاو بوون.

ئەو ئامارانە لە کاتێک دایە کە زۆربەی هەواڵی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد بە شاروەیی دەمێننەوە، بۆیە ئەگەر لەو بوارەدا لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی ئەنجام بدرێت، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زیاتر بێت.