خۆکوژیی ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ لە شنۆ

15:56 - 27 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، که دەسی دابووە خۆکوژییەوە، پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ورمێ، گیانی لە دەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، ژنێکی کورد به ناوی \" سەبری دەشتی\"، تەمەن ٢٨ ساڵ، کچی حوسێن، که ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی بەفرانبار دەستی دابووە خۆکوژی و پاش چەند ڕۆژ مانەوە له نەخۆشخانەی شاری ورمێ گیانی لە دەست دا.

ئەم ژنه کوردە، نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە دەستی دابووە خۆکوژی، که تیمی فریاکەوتن توانییان گیانی ڕزگار بکەن و دواتر به مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کرا.

سەرچاوەیەکی خۆجێی، هۆکاری خۆکوژیی ئەم ژنه کوردەی بۆ\"خەمۆکی لەڕادەبەدەر\" گەڕاندووەتەوە.

کۆمەڵناسەکان دەڵێن: خۆکوژی، دیاردەیەکی شاراوەیە و تەنانەت ئەگەر ناوەندی ئاماریش لەم بارەوە ئامارێک ڕادەگەینن، ئەوەندەش ورد نییە.

به وتەی ئەم کۆمەڵناسانە، یەکێک لە هۆکارەکانی ورد ودروست نەبوونی ئەم ئامارانە لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەوەیە که کەسوکاری ئەو کەسانە هەوڵ دەدەن، هەتا خۆکوژی وەکوو مەرگی سروشتی نیشان بدەن.