خۆکوژیی و بێ‌سەروشوێن‌بوونی ٣ کچی کورد

22:48 - 26 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو کچی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بە هۆکاری نادیار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا و هەروەها لە چارەنووسی کچێکی خەڵکی ورمێ هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، کچێکی لاوی خەڵکی شنۆ بە ناوی \"سوهەیلا پەروانە وەتەن\" لە ماڵەکەی خۆیدا بە هۆکارێکی نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێت، سوهەیلا لە رێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵە بە ناوی\" مریەم شەهریاری\" خەڵکی گەڕەکی مزگەوتی فارۆقی شنۆ بە هەڵواسێن هەوڵی خۆکوژی داوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێێ ئەم راپۆرتە، تاکوو ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو کچە روون نەبووتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە چارەنووسی \"شیرین موسلح ژاراوایی\"، تەمەن ١٨ساڵە کچی فەیسەڵ خەڵکی گوندی\"ژاراوا\"ی ناوچەی مڕگەوڕی ورمێ کە بۆ بەشداریکردن لە کونکووری سەرتاسەری چووبووە، ورمێ هیچ هەواڵێک لەبەردستدا نیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: بنەماڵەی شیرین بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان پەیوەندییان بە ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە کردووە، بەڵام لە لایەن ئەو ناوەندانەوە هیچ هاوکارییەکی ئەو بنەماڵەیان نەکراوە.

تاقیکاری سەرتاسەری کونکوور، ٢٢ی جۆزەردان لە شاری ورمێ بەڕێوەچووە و پاش ئەوە شیرین بێسەروشوێن بووە و چارەنووسی ناڕوونە.