خۆکوژیی مێرمنداڵان لە کوردستان ڕووی لە هەڵکشانە

16:05 - 22 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی تەمەن ١٢ساڵ، دانیشتووی \"شارەکی دانشگا\"ی شاری ورمێ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٢ساڵ دانیشتووی شاری ورمێ، بە ناوی \"یەحیا\" لە شارەکی دانشگای ئەو شارە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٢ساڵەیە، لە ماڵەکەی خۆیاندا، بە شێوەی خۆهەڵواستن، خۆی کوشتووە.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو مێرمنداڵە ڕانەگەیەندراوە.

هادی شەریعەتی \"مافناس و چالاکی بواری منداڵان\" لە بارەی خۆکوژیی مێرمنداڵاندا دەڵێت:
خۆکوژیی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئێراندا گەیشتووەتە سنووری هۆشیاریی، ناوبراو ئازاردانی منداڵان، گوشار و زەختی نیزامی ئامووزشی، بەشوودانی زۆرەملێ، لاسایی کردنەوەی ئێعدام لە شوێنە گشتییەکان‌، بێعەداڵەتی و دابەشبوونی نایەکسانیی داهاتەکان بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، بە سەرەکیترین هۆکاری خۆکۆژیی منداڵان و مێرمنداڵان دەزانێ.