خۆکوژیی لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ لە کامیاران

19:13 - 11 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵەی کورد لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری کامیاران بە زەبری چەک هەوڵی خۆکوژی دا و لەئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا کەسێک بەناوی ئارمین فەیـزی کوڕی فەرەیدوون و خەڵکی گوندی گەشکی بەهۆیەکی نادیار کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئارمین فەیزی کە بەزەبەری فیشەکی تاپڕ لەسەر دڵی گیانی لەدەست داوە، تەرمی ناوبراو بە مەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری کامیاران کراوە.

هاوکات پزیشکی دادوەریی شاری کامیاران ئەم رووداوەی بە گوماناوی لە قەڵەم داوە، بەڵام هەتا ئیستا بە فەرمی هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو لاوە کوردەی رانەگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئارمین فەیزی لە پزیشکی دادوەریی شاری کامیاران ماوەتەوە و رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.