خۆکوژیی لاویکی تەمەن ٢٠ ساڵەی کورد لە سەلاسی باوەجانی

21:44 - 26 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لاویکی تەمەن ٢٠ ساڵەی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان لاویکی خەڵکی گوندی یاقووجانی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی بەناوی \"پەیمان رۆستەمی\" لە ئەنجامی کێشەی بنەماڵەیی‌دا هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

پەیمان رۆستەمی کە تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە، لە رێگەی خۆ هەڵواسینووە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی توێژینەوەکان، خۆکوژی لەهەموو حاڵەتەکاندا لە جۆرێک ئازار و مەینەتی‌یەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەمەش دەبێتە بەربەستێک بۆ بەتاڵبوونەوە لە خواست و پێوداویستییە دەروونییەکانی و لە ئەنجامدا تاک بۆ دەربازبوون لەو بەربەستانە پەنا بۆ خۆکوژی دەبات.

دەروون‌ناسان، هاودەردی و هاوفکریی بنەماڵەکان و بەتایبەت دایک و باوک لەگەڵ رۆڵەکانیان بە باشترین رێگە بۆ بەرنگاربوونەوە لە خۆکوژی لە قەڵەم ئەدەن و لەو باوەڕەشدان، کە زۆرێک لە لاوان بەهۆی نەبوونی متمانە بە دایک و باوکیان هاودەردی و هاوفکری لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان دەکەن و ئەمەش چارەسەریی دیاردەی خۆکوژی وە درەنگ دەخات.