خۆکوژیی سەربازێکی سنەیی و ژنێکی مەهابادی

14:30 - 20 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە پادگانی ئەرتەشی شاری سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٨ی جۆزەردان، سەربازێکی کورد، بە ناوی \"موحسێن\" خەڵکی شاری سنە، بە هۆی سزادان لە لایەن بەرپرسی پادگانی ئەرتەشی شاری سەقزەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا، باس لەوە دەکات، کە ئەو سەربازە کوردە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە و هەروەها سزادان لە لایەن بەرپرسی پادگانی ئەرتەشی شاری سەقز، دەستی داوەتە خۆکوژییەوە.

پێشتریش، ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردان، سەربازێکی کورد بە ناوی \"س. ب\" خەڵکی شاری پیرانشار، بە چەک لە شوێنی نیگانییەکی خۆیدا، هەوڵی خۆکوژی دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاند: \"ئەو سەربازە پیرانشارییە لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لە گرتووخانەی شاری شنۆ بە گولـله لە سەری خۆی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە\".

لە لایەکی دیکەوە، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، بە ناوی \"کەژاڵ ئەشکووتی\" کچی ئەبووبەکر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو ژنە کوردە خەڵکی گوندی \"یووسفکەند\"ی شاری مەهاباد بووە و بە شێوەی خۆهەڵواستن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.