خۆکوژیی دوو ژن لە ناوچەکانی ورمێ و سەڵماس

14:04 - 9 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوژیی دوو ژنی کوردی خەڵکی ناوچەکانی ورمێ و سەڵماسی سەربە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ئاماری خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا گەیشتە ٣٩ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: سەرلە ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی مانگی خەرمانان، ژنێکی خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\"ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بەناوی \"سێوێ تەربی\" تەمەن ٥٧ ساڵ و کچی نیزام بەهۆیەکی نادیار بە چەکی راو کۆتایی بەژیانی خۆی هینا.

دەگوترێت ئەو ژنە تەمەن ٥٧ ساڵەیە دایکی ٨ منداڵ بووە کە هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ناوبراو لە پزیشکی دادوەریی شاری ورمێ پشکنینی بۆ ئەنجام ئەدرێت.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٥ی خەرمانان، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی \"رامش مامەدی\"کچی خالید\" خەڵکی \"ئابەزەر\"ی سەڵماس بەهۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیبوو کە لە ئەنجامدا ببووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەوتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، رامش مامەدی پاش ئەوەی لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەرەکەی بە کێشە هاتبوو، گەڕابوویەوە ماڵی باوکی و دوای سێ رۆژ مانەوە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.

ئاماری خۆکوژی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیــران بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو چوونەسەرەوەیەکی لەرادەبەدەری بەخۆیەوە بینیوە کە بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٣٩ ژن و کچی کورد کۆتاییان بەژیانی خۆیان هیناوە کە بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ئەمساڵی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا ٣٩ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران لە ئەنجامی خۆکوژیدا گیانیان لەدەست داوە.


ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان و نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بۆ دەرکەوتنی ئامارێکی دروست، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.