خۆکوژیی باوکێک پاش کوشتنی دوو منداڵی خۆی لەشاری سونقوڕ

14:06 - 13 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی زیادبوونی تاوان و تاوانکاری و توندوتیژی لە ئوستانی کرماشان، باوکێک دوو منداڵی کەم تەمەنی خۆی کوشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ باوکێکی کوردی خەڵکی شاری سەنقوڕ منداڵێکی تەمەن ٣ مانگەی خۆی لە رێگەی دەرخوارددانی ماددەی هۆشبەر و منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵەشی لەر ێگەی هەڵواسینەوە کوشت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باوکی ئەو دوو منداڵە کەسێکی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان بووە و بەو هۆیەوە ئەو دوو منداڵەی خۆی کوشتووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو باوکە پاش کوشتنی منداڵەکانی، لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

دەگوترێت، ئەو باوکە نووسراوەیەکی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە و هۆکاری کوشتنی ئەو دوو کوڕە منداڵەی خۆی بۆ کێشەی خێزانی گەڕاندۆتەوە.

لە رێکەوتی ٢٦ی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، کوڕێک بەهۆی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئاسەواری ماڵوێرانکەری ئەو ماددەیە، پاش کوشتنی سێ برا و دایکی خۆی، بەزەبری چەک کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

دواتر رۆژی ٢ی رێبەندان ژنێک بەناوی ئیلهام مەهدیان، کە کارمەندی بانک بوو، کە بە وتەی پۆلیسی ئیسلام‌ئابادی غەرب لەلایەن سێ کەسەوە و تەنیا لەبەر کەلووپەلەکانی کە پێی بووە کوژراوەو تەرمەکەی لە سەر رێگەی ئیسلام‌ئابادی غەرب بۆ گیلانی‌غەرب فڕێ دراوە.

هاووڵاتییان لەو بارەو دەڵێن: \"لێپرسراوانی حکوومەتی ئاگایان لە کێشە و گرفتی خەڵکی هەژار و بێ دەرەتان نییە و هەموو ئیمکاناتێکیان لەبەر دەستدایە، هەر بۆیە بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە کە وڵات هیچ کێشەیەکی نییە و ئاگایان لە ئازارەکانی خەڵک نییە و خەلکیش مەرگی خۆیان بە ئاوات دەخوازن.\"

چالاکانی کۆمەڵایەتی زیادبوونی ریژەی تاوان لە ئێران وبەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان بۆ بێکاری، تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان کە بەرئەنجامی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتین، دەگەڕێننەوەو لەو باوەڕەدان کاربەدەستانی حکوومەتی هیچ بەهایەک بە ژیان و گیانی هاووڵاتییان نادەن.