خۆکوژی و خنکانی ٢ هاووڵاتیی کورد لە نەغەدە و بیجاڕ

14:44 - 5 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەخۆکوژیی هاووڵاتییەکی کورد لە \"محەممەدیار\"ی سەربە شاری نەغەدە، ئاماری خۆکووژیی هاووڵاتییانی کورد لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران گەیشتە ٦٥ کەس.

رۆژی رابردوو هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری \"محەممەدیار\"ی سەربە شاری نەغەدە کەلە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە سەرقاڵی کارکردن بوو، لە ئەنجامی کێشە بنەماڵەییدا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی دایک و باوکی ئەو پیاوە تەمەن ٤٥ ساڵەیە، ناوبراو لە ئەنجامی کێشە لەگەڵ دوو ژنەکەی خۆی تووشی فشاری دەروونی بووە و بەو هۆیەوە لەو قوتابخانەیە خۆی هەڵواسیوەو گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوێنێ دووشەممە رێکەوتی ٤ی خەرمانان منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ بەناوی \"پووریا مەهدی‌زادە کوردستانی\" لە مەلەوانگەیەکی شاری بیجاڕ بەهۆی نەبوونی مەلەوان بۆ رزگار کردنی نوقم بوان لەو مەلەوانگەیە، لە نێو ئاودا خنکا.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، ئەو منداڵە تەمەن ١١ ساڵەیە کەلە مەلەوانگەی هوتێل \"بام\"ی بیجاڕ خنکاوە، هیچ مەلەوانێکی تێدا نییە و ئەمەش لە حاڵێک دایە کە رۆژانە هاووڵاتییان بۆ مەلە کردن سەردانی ئەو شوێنە دەکەن.

پووریا مەهدی زادە کوردستانی بەهۆی شارەزا نەبوون بە مەلە کردن و هەروەها پێڕانەگەیشتنی خێــرا، گیانی لەدەست داوەو بە مەبەستی پشکنین رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری بیجاڕ کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٤٧ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیــران لە ئەنجامی کەوتنە نێو ئاو گیانیان لەدەست داوە.