خۆکوژی لە ئیلام لە رێگەی حەبی برنجەوە/ مردنی ٧ کەس لە دوو مانگدا

14:30 - 9 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوانی کوردی خەڵکی ئیلام بۆ دەربازبوون لە دیاردە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، روویان لە خواردنی حەبی برنج کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٢ ساڵی رابردوودا بەکارهێنانی حەبی برنج \"فۆسفودی ئاڵمینیۆم\" لە ئیلام، رووی لە زیادبوون کردووەو بەگوتەی پزیشکێکی نەخۆشخانەکانی ئیلام، بەکارهێنانی ئەو ماددە کیمیاییە لەسەدا ١٠ و ١٤ چوونە سەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەگوتەی بەرپرسی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئیلام، لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا، بەپێی تەشخیسی پزیشک ٩ کەس بەهۆی خواردنی حەبی برنجەوە لەو نەخۆشخانەیە خوێندراون، کە ٧ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

دوکتور سۆفی‌نەژاد، ئەم ئامارەی بۆ شارێکی بچووکی وەکوو ئیلام یەکجار لەسەرێ زانی، کە ئەم ئامارە تەنانەت لە نێونجی ئاماری گشتیی وڵاتیش زیاتر بووە.

ئەو پزیشکە \"پێشگیری\" و \"ئاگاداری\"ی بە تاقە رێگەی بەرنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە لە قەڵەم داو گوتی: پێشتر خۆکوژی لە ئوستانی ئیلام زیاتر لە رێگەی خۆسووتاندنەوە بووە، بەڵام هەنووکە خۆکوژییەکان زیاتر لە رێگەی خواردنی حەبی برنجەوەیە.

هەواڵدەریی \"مێهر\" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی لە رێگەی خواردنی حەبی برنجەوە هەوڵی خۆکوژی ئەدەن، نێونجی تەمەنیان لە نێوان ٢٠ هەتا ٤٠ ساڵدایە.

هەرچەند حەبی برنج بۆ لەناوبردنی مۆرکە و ئافاتی دەغڵ و دان کەڵکی لێ وەردەگیردرێت، بەڵام ئەو ماددە کیمیاییە بەشێوەی نایاسایی لە دەرمانخانەکانەوە بە کڕیاران دەفرۆشرێت.

کەسانێک کە تووشبووی ماددە هۆشبەرەکانن، بە خواردنی حەبی برنج نەتەنیا تووشی مردن و زیانی جەستەیی نابن، بەڵکوو تووشی نەشە بوونیش دەبن و کەسانی دیکەش کە بە هەر هۆیەکەوە تووشی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان دەبن، بە مەبەستی نەشە بوون پەنا بۆ خواردنی حەبی برنج دەبن، بەڵام ئەو حەبە کاریگەریی یەکجار خراپ لەسەر جەستەی کەسانی ئاسایی دادەنێت و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگیان دەکاتەوە.

کوورش عیرفانی، کۆمەڵناسی دانیشتووی ئەمریکا بە رادیۆ زەمانەی راگەیاندووە: ژمارەیەکی بەرچاو لە حەشیمەتی نەسلی لاو لە ئێران تووشی جۆرێک پووچی هاتوون کە هیچ بەرچاو روونی‌یەکیان بۆ کار، خوێندن، هاوسەرگیری و داهاتوو نییە و هەر ئەمەش لاوان بەرەو ئاقارێک دەبات کە بە مەرگ کۆتایی پێ دێت.

ئوستانی ئیلام یەکێک لە هەژارترین ئوستانەکانی وڵاتی ئێرانە و نرخی بێکاری، تەڵاق و تووشبون بە ماددە هۆشبەرەکان یەکجار لەسەرەوەیە و رۆژ لە دوای رۆژیش ئەو چەند دیاردەیە لە بەستێنی کۆمەڵگەدا زیاتر پەرە دەستێنێت.

بەپێی ئامارەکانی خودی حکوومەتی ئێران، نرخی بێکاری لە ئوستانی ئیلام لەسەدا ١٥ زیاترە و تەنیا لەسەدا ٢٠ی شەهرەک سەنعەتییەکان چالاکی دەکەن.