خۆکوژی لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵە لە شاری سەقز

15:57 - 19 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی خەڵکی شاری سەقز، بە هۆی کێشە و ناکۆکی لەگەڵ باوکی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١ی شەوی ١٨ی جۆزەردان، لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی گەڕەکی \"حەماڵاوا\"ی شاری سەقز، بە شێوەی خۆهەڵواستن، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناس و ناونیشانی ئەو لاوە کوردە، بە ناوی \"سینا خەلیفەزادە، تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی یەحیا، دانیشتووی گەڕەکی حەماڵاوای شاری سەقز ڕاگەیەندراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سینا خەلیفەزادە، بە شێوەی خۆهەڵواستن و بە سیمی کارەبا خۆی خنکاندووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێکەوتی ١ی جۆزەردان، ژنێکی لاوی خەڵکی شاری مەلەکشای پارێزگای ئیلام، بە ناوی \"ئارزوو ڕەحمانی\" ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

هەواڵە بڵاوکراوەکان، هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو ژنەیان بۆ کێشە و گرفتی بنەماڵەیی گەڕاندووەتەوە.

خۆکوژی وەکوو یەکێک لە ڕێگەکانی هەڵهاتن بە دەست کێشە بنەماڵەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگای نەریتیی کوردستان و ئێران بەردەوام قوربانی دەگرێت.