خۆکوژی سێ‌هاووڵاتیی کورد لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا

14:00 - 23 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی ١٠ رۆژدا سێ‌هاووڵاتیی کورد لەشارستانی سەردەشت و ناوچەی ورمێ‌کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەخۆکوژی لاوێکی کوردی تەمەن ١٩ ساڵەی ناوچەی ورمێ‌، رێژەی خۆکوژیی هاووڵاتییانی کوردی ئوستانی ورمێ، لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا، گەیشتە سێ‌کەس.

رێکەوتی ٢٠‌ی رێبەندان لاوێک بەناوی \"رەسووڵ\" کوڕی سەید فەتاح و خەڵکی گوندی \"خەرەگۆش\"ی ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ‌کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

دەگوترێت ئەو لاوە تەمەن ١٩ ساڵەیە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە خۆی هەڵواسیوە و لەئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

بە باوەڕی کۆمەڵناسان، یاسا لەوڵاتی ئیــران لە بری ئەوەیکە تاک لە خەسارەکان ئاگادار بکاتەوە و بیپاریزێت، راستەوخۆ هۆکاری دروست بوون و بەردەوام بوونی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتییانەیە و تاکیش لەو سیستمەدا زیاتر بەرەو خۆکوژی هان دەدرێت.

هەر لەماوەی ئەو چەند رۆژەی رابردوودا کچە قوتابییەکەی شاری سەردەشت بەناوی \" مەستانە رەشیدی تەڵەب\" لەماڵەکەی خۆیاندا، خۆی هەڵواسیبوو، هەروەها ژنێکی دیکەی کورد بەناوی شیلان ئیبراهیمی خەڵکی گوندی \"دۆڵەگەرم\"ی ناوچەی سەردەشت، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.

بە وتەی شارەزایانی بواری دەروونناسی، ئەگەر حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ناوەندە پێوەندیدارەکان بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ ئەو دیاردەیە دانەڕێژن، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ‌هەتا ٥٠ ساڵی داهاتوو، هیچ کەس و لایەنێک توانای پێشگیری کردن لەو دیاردەیەیان نەبێت و هەروەها ئەو شارەزایانە ڕایان وایە کە زۆربەی حەشیمەتی ئێران تووشی خەمۆکی هاتوون.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە هەر یەک رۆژدا بە شێوەی نێوەنجی، ١٣ حاڵەتی خۆکوژی لەئێران روو دەدات.

کارناسان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی \"هەژاری، بێکاری، کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکان\" بە هۆکاری سەرەکیی خۆکوژی لەئێران و بەتایبەت بە ناوچەکوردنشینەکان لە قەڵەم ئەدەن.

هەر چەند\"شەهێن محەممەدی\" چالاکی بواری مافەکانی ژنان و ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ژنانی لەوتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا رایگەیاندبوو، \"ئەو رەوتی خۆکوژییە لەکوردستانی ئێران لەحاڵی تێپەڕبوون دایە و بە ئەگەری زۆر ئێستا گەیشتبێتە لووتکە و بەرە بەرە لەگەڵ جێگیربوونی فەرهەنگی مۆدێرنیتە و پێگەیشتنی نەسلی نوێ، بە دڵنیاییەوە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئاماری خۆکوژی بە بەراورد لەگەڵ ئێستا یەکجار کەم دەبێتەوە\".