خۆکوژی دوو هاووڵاتیی دیکە لە کوردستان

15:30 - 27 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی خۆکوژییەکان لە کوردستاندا، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ و پیاوێکی بەساڵاچوو لە شارەکانی دیواندەرە و سەڵماس هەوڵی خۆکوژیان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، شەممە ٢٦ی جۆزەردان، پیاوێکی بەساڵاچوو خەڵکی ناوچەی تازەکەندی شاری سەڵماس، لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە، هەوڵی خۆکوژی دا.

دەوترێ، بنەماڵەی ئەو پیاوە پاش ئاگاداربوون لەو ڕووداوە، ناوبراویان بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز، گواستووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، شەوی هەینی ٢٥ی جۆزەردان، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی گوندی \"مەوێ\"ی شاری دیواندەرە، بە شێوەی خۆهەڵواسین هەوڵی خۆکوژی داوە و پاش گەیاندنی ئەو کچە بۆ نەخۆشخانە، ڕۆژی دواتر (شەممە) گیانی لە دەست دا.

تا ئێستا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە و هۆکاری خۆکوژییەکەیان ڕوون نەبووەتەوە.

هەژاری، دەسکورتی، بێ‌هیوای و نەبوونی داهات لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییان بە ئەژمار دێن.