خۆسووتاندنی کچێک لە مەریوان و کوژرانی ژنێک لە شنۆ

19:02 - 23 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە شاری مەریوان بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی \"سوودابە قادری\" کچی جەبار ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

\"13266.jpg\"
هەر لەو پەیوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا ژنێکی بەناوی \"سۆنیا کەریمیان\" کچی \"کەریمی حاجی ئۆغز\" لە گوندی \"گەلاز\"ی سەربەناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ بەدەستی هاوسەرەکەی خۆی بەناوی \"عەلی\" کوڕی ئەحمەد گیانی لێ ئەستێندرا.

دەگوترێت عەلی لە ئەنجامی کێشەیەکدا بە دار لە سەری ژنەکەی خۆی داوەو تووشی خوێن‌ڕێژیی مێشکی کردووەو پاش چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، سەرئەنجام بەو هۆیەوە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی جۆزەردان گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کوژراون کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٤ کەسیان بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان گیانیان لێ ئەستێندراوە.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، هەر لەو ماوەیەدا ١٩ ژن و کچی کورد دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بەژیانی خۆیان ‌هێناوە کەلەکۆی ئەو رێژەیە ١١ حاڵەتیان لە رێگەی خۆسووتاندنەوە بووە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

\"13265.jpg\"