خۆسووتاندنی ژنێکی لاوی خەڵکی شاری مەریوان

17:39 - 1 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کێشەی بنەماڵەیی بووە هۆی خۆسووتاندنی ژنێکی لاوی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ژنێکی لاوی خەڵکی گوندی \"بەردەڕەشـ\"ـی شاری مەریوان، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە، هانای بۆ خۆسووتاندن بردووە.

شوناسی و ناونیشانی ئەو ژنە لاوە، بە \"حەدیس\" کچی تەوفیق، خەڵکی گوندی \"بەردەڕەشـ\"ـی شاری مەریوان ڕاگەیەندراوە.

دەوترێ، پاش ئاگر لە خۆبەردانی ئەو ژنە لاوە، بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەی، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە کرابوو و لەسەر بڕیاری پزیشکەکان و بێهیوای لە چاکبوونەوەی ئەو ژنە لاوە، لە ماڵی باوکی دایە.

خۆسووتاندنی یەکێک لە شێوازە ترسناکەکانی خۆکوشتن بە ئەژمار دێت، کە بە هۆی قووڵبوونی برین و چڵک کردنی برینەکانی خۆسووتاندن، ڕێژەی گیان لەدەستدانی کەسی خۆکوژ بە نیسبەت شێوازەکانی دیکەی خۆکوژی زیاترە.