خۆسووتاندنی ژنێکی لاو، بە گیانی لە دەستدانی کۆتایی هات

15:50 - 2 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی لاوی خەڵکی شاری مەریوان، کە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە، هانای بۆ خۆسووتاندن بردبوو، پاش چەند ڕۆژ ململانێی لەگەڵ ئەو ئازارە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ٢ی پووشپەڕ، ژنێکی لاو بە ناوی \"حەدیس\" کچی تەوفیق، خەڵکی گوندی \"بەردەڕەشـ\"ـی شاری مەریوان، بە هۆی زۆری ڕێژی سووتاویەکەیەوە، پاش چەند ڕۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئێش و ئازار، گیانی لە دەست دا.

حەوتووی رابردوو، ئەو ژنە لاوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، پاش بەڕێکردنی بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە و دوکتورەکانی ئەو نەخۆشخانەیە، بێهیوایان لە چاکبوونەوەی ئەو ژنە لاوە دەربڕیبوو و بەو بۆنەوە بۆ ماڵی باوکی گەرێندرایەوە و هەر لە ماڵی باوکیدا گیانی لە دەست داوە.

شایان باسە حەدیس، خاوەن منداڵێکی کەم تەمەنە.