خۆسووتاندنی ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵەی کورد لەئیلام پاش رفێندران

20:44 - 7 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کورد لە ئیلام، پاش ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکەوە بۆ ماوەی دوو رۆژ رفێندرابوو، لەماڵەکەیدا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵەی کورد لەئیلام بەناوی \"زارا\" کە سکرتێری سەنتەرێکی پزیشکی و دایکی منداڵێکیش بووە، رۆژی ٢٧ی سەرماوەز لە حەمامی ماڵەکەیاندا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، رۆژی ٢٥ی سەرماوەز سێ کەس ئەو ژنە کوردەیان رفاندووە و پاش دوو رۆژ ئازادیان کردووە کە دوابەدوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە ئەو ژنە لەلایەن سێ کەسەوە رفێندراوە و هەنووکە ئەو سێ کەسەش دەستبەسەر کراون، بەڵام پۆلیسی ئیلام رایگەیاندووە کە بەڵگەی پێویست بۆ تاوانبار بوونی ئەو کەسانە لەبەر دەستدا نییە، ئەوەش لەکاتێک دایە کە بنەماڵەی ئەو ژنە کوردە ئێوارەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٥ی سەرماوز پۆلیسیان لە ونبوونی زارا ئاگادار کردبوویەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوەش کرد پۆلیسی ئیلام بڕیارە ئەو سێ کەسە ئازاد بکات، ئەوەش لەحاڵێک دایە کە بەشێوەی پێویست لە پەیوەندی لەگەڵ رفاندنی ئەو ژنە کوردە لێکۆڵینەوەیان ئەنجام نەداوە.

چالاکانی کۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدان کە دابەزینی رێژەی هاوسەرگیری هۆکاری سەرەکیی گەندەڵیی ئەخلاقی و قەیرەیی لە کۆمەڵگەدان، کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا وێڕای ئەوەی کە رێژەی هاوسەرگیری لە وڵاتی ئێران دابەزینی بەخۆیەوە بینوە، هاوکات تاوانە کۆمەڵایەتیەیکانیش روویان لەزیادبوون کردووە.