خۆسووتاندنی ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ لەناوچەی مەریوان

02:40 - 24 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خەڵکی ناوچەی مەریوان بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەر ژنێکی خەڵکی شارۆچکەی \"کانی دینار\"ی سەربە شاری مەریوان بەناوی \" سەحەر کەریمی\"، بەهۆی کێشەیەکی بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، ئەو ژنە تەمەن ١٨ ساڵەیە کە چەند مانگ پێش ئێستا بە بێ خواستێ خۆی بە شوو درابوو، بەهۆی دروست بوونی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی گەڕابوویەوە ماڵی باوکی، بەڵام لەئەنجامی توندوتیژیی بنەماڵەیی‌دا ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە.

دەگوترێت کە سەحەر کەریمی، لەسەدا ٩٠ی جەستەی تووشی سووتان بووە و ئەگەری گیان لەدەست دانی لە ئارا دایە و هەنووکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

لە ماوەی ئەمساڵدا رێژەی خۆکوشتنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەتایبەت لەنیو ژنانی کوردا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر بەشێوەیەکی بەرین رووی لەزیادبوون کردووە و زۆرترین حاڵەتەکانی خۆکوژیی ژنان لەرێگەی خۆسووتاندنەوە بووە.

دوایین حاڵەتی خۆسووتاندن دووشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەر تۆمار کراوە کە ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی \"کەوسەر جۆزان\" کچی مەناف و خەڵکی گوندی \"ئاڵیان\"ی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ، بەهۆی کێشە لەگەڵ مێردەکەی ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.