خۆسووتاندنی ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە ناوچەی نەغەدە

14:44 - 6 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: بە خۆسووتاندنی ژنێک لە ناوچەی نەغەدە، ئاماری خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران گەیشتە ٣٦ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممەی رابردوو رێکەوتی ٣ی خەرمانان ژنێک بەناوی \" ئارەزوو بێهرووزی\" لە گوندی \"دایماو\"ی سەربە شاری نەغەدە بەهۆی کێشەی خێـزانییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنـا.

دەگوترێت ئەم ژنە خەڵکی گوندی \"رکاوێ\"ی سەربە پیرانشار بووە و لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی \"دایماو\"ی سەربە شاری نەغەدە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کەبەهۆی کێشە بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە پاش ١ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٥ مانگی رابردوودا ١٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران تەنیا لە رێگەی خۆسووتاندنەوە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

ئەم ئامارە رێــژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بێگومان ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بۆ دەرکەوتنی ئاماری راستەقینەی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد ئەنجام بدرێت، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەم رێژەیەش زیاتر بێت.