خۆسووتاندن و خۆکوژیی کچ و ژنێک لە شاری مەریوان و سنەدا

14:19 - 12 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو کچ و ژنی کوردی خەڵکی شارەکانی مەریوان و سنە، بە هۆکاری نادیار، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بانەمەڕ، کچێکی مەریوانی بە ناوی \"زۆهرە کۆنەپۆشی\" کچی مەحموود، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

ئەو کچە هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی زۆربوونی ڕیژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەست دا و لە هۆکاری خۆسووتاندنەکەی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی بانەمەڕ، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، بە ناوی \"ئەسرین پیرایش\"، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هۆکاری خۆهەڵواسینی ئەم ژنە هاووڵاتییە کوردە ناڕوونە.

هەتا ئێستا ئامارێکی ورد و تەواو لەسەر خۆسووتاندنی ژنان لە ئێران و کوردستاندا لە بەردەستدا نییە.