خۆسرەو کوردپوور داوای ڕوونکردنەوەی تێرۆری دوکتور قاسملووی کرد

21:37 - 10 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان، داوای لە مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، سەرکۆماری پێشووی ئێران کرد لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەیکە ناوبراو دەستی لە تێرۆری دوکتور قاسملوودا هەبووە، ڕوونکردنەوە و وڵامێکی ڕوون بدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خۆسرەو کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ لە مەهاباد، لە بەرەبەری سەفەری مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، سەرکۆماری پێشووی ئێران بۆ کوردستان لەبارەی تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ڤییەن داوای وڵامێکی ڕوونی لە ناوبراو کرد.

\"\"
خۆسرەو کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان
ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە نووسیویەتی: \"بەڕێز ئەحمەدی‌نژاد، ئێوە دوای تەواوبوونی ماوەی سەرکۆماریتان بەردەوام باس لە ڕوونکردنەوە و شەفافییەت دەکەن، هەرچەند ئەمە بۆ کۆمەڵگه بابەتێکی گرینگه. لەو پێوەندییەدا و بەپێی ئەوەیکە ناڕوونیی زۆر، ورد و گەورە لەبارەی کوردستانەوە هەیە، دەمهەوێ پێش سەفەری ئێوە بۆ کوردستان لەمەڕ دەستتێدابوونی ئێوە لە یەکیک لە تیمەکانی تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ئۆتریش ڕوونکردنەوە بدەن، چونکە پێش دەستپێکی سەرکۆماریی ئێوە هەندێک لە میدیا و سەردۆزگەرەکانی ئۆتریش لەبارەی دەستتێدابوونی ئێوە لەو تێرۆرەدا هەواڵ و ڕاپۆرتیان بڵاو کردەوە. ئەگەرچی تا ئێستاش هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە ئۆتریش ئەو بابەتەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام کۆمەڵگەی کوردستان دەیانهەوێت وڵامێکی ڕوون لەبارەی تێرۆری ڤییەنەوە بزانن؟\"

دوای خولی یەکەمی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، هەندێک لە میدیاکانی ئۆتریش باسیان لەوە کرد ئەحمەدی‌نژاد دەستی لە تێرۆری قاسملوودا هەبووە.

کاتی خۆی \"پیتێر پیلێس\" نوێنەری حیزبی سەوزەکان لە پارلمانی ئۆتریش شایەتیی بازرگانێکی چەک که خەڵکی ئاڵمان بووە باس کرد، کە بەپێی ئەو شایەتییە ئەو بازرگانە ئاڵمانییە ماوەیەک پێش تێرۆری دوکتور قاسملوو چەکی بە باڵوێزخانەی حکوومەتی ئێران لە ئۆتریش فڕۆشتووە.

ئەو بازرگانە ئاڵمانییە ئەو شایەتییەی لە کۆمیسیۆنی دژی مافیا لە ساڵی ٢٠٠٦دا دابوو، ناوبراو باسی لەوە کردبوو کە کاتی ڕادەستکردنی چەک سێ کەس حزووریان هەبووە کە یەکێک لەو کەسانە مەحموود ئەحمەدی‌نژاد بووە.

پێشتریش ڕۆژنامەی \"دی پرێس\" چاپی ئۆتریش، تێرۆی دوکتور قاسملوو سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانی لە ڤییەن وەک یەکێک لە \"ڕەشترین لاپەڕەکانی ئۆتریش\" وەسف کردبوو.

ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، دوکتور قاسملوو وێڕای عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ، لەسەر مێزی وتووێژ لەلایەن دیپلۆماتەکانی حکوومەتی ئێرانەوە تێرۆر کران.