خۆ کوژیی کچێکی تەمەن گەڕاوە لە شاری جوانرۆ

17:21 - 16 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: کچێکی خەڵکی جوانرۆ کە چەند رۆژ پێش ئیستا بەهۆکاریکی ناڕوون ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٦ی خەرمانان کچێک بەناوی \"نوسرەت کەریمی\" کە پێشتر ئاگری لە جەستەی بەردابوو، پاش چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە، نوسرەت کە تەمەنی گەڕابوویەوە، هەتا ئیستا لەبەر چاوەدێری کردنی باوک و براکانییەوە شووی نەکردبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە هەتا ئێستا ١٣ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران لە ئەنجامی خۆکوژیدا گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ئامارە و لە کۆی ئەو ١٣ حاڵەتە ٩ کەسیان لە رێگەی خۆ سووتاندنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بە پشت بە ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە بەهۆی نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەمەڕ ئاماری خۆ کوژیی ژنان و کچانی کورد، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو ریژەیەش زیاتر بێت.