خوێنی ماوە بەسەرچوو گیانی ژنێکی مەریوانی ستاند

14:12 - 3 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکان و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی \"بوعەلی\" شاری مەریوان گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی ٣١ی گەلاوێژ ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەناوی (ف، م) لەئەنجامی لێدانی خوێنی ماوە بەسەرچوو لە نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان و راگواستن بۆ نەخۆشخانەی \"فەجر\"ی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

هەر لەو پەیوەندییەدا \"ئومید کەریمیان\" نوێنەری خەڵکی شارەکانی \"مەریوان و سەڵاوا\" بە هەواڵدەریی \"ئیلنا\"ی راگەیاندووە، کێشەی کادری پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی شاری مەریوان کە لەژێر چاودیریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئوستانی کوردستان دایە شتێکی تازە نییە و رووداوی هاوشێوە ماوەی چەندین ساڵە دووپات دەبنەوە.

ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ئێران، بەرتیل وەرگرتنی پزیشکان، کەمیی ئیمکانات و دەوا و دەرمان لە نەخۆشخانەکانی مەریوانی بە بەشێکی بچووک لە گرفتی نەخۆشخانەکانی ئەو شارە لە قەلەم داوە.

نوێنەری خەڵکی مەریوان و سەوڵاوا راشیگەیاندووە، لاوازیی بەڕێوەبەریی لە بواری تەندروستی و پزشیکی لە ناوچە هەژارنشینەکان، بەروونی بەرچاو دەکەوێت و سەرەڕای لاوازیی وەزارەتی بێهداشت و دەرمان، \"کەرتی تایبەت\"یش لەم شارانە هیچ هەوڵێکی نەداوە.

لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی ٢ مانگی رابردوودا، دوو منداڵی تەمەن ٣ ساڵ لە شاری ئیلام بەهۆی کەمتەرخەمیی کادری پزیشکی و لێدرانی دەرزیی ماوە بەسەرچوو، گیانیان لەدەست دا.