خوێندکارێکی کچ لە سنه بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا

15:24 - 11 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی ئیلام لە پانسیۆنی زانکۆی کوردستان بە شێوەیەکی \"گوماناوی\" گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی پووشپەڕ، تەرمی کچە خوێندکارێکی کورد به ناوی \"زارا عەلی دووستی\" خەڵکی ئیلام لە پانسیۆنی کچانەی زانکۆی کوردستان دۆزرایەوە.

بەرپرسانی زانکۆ هۆکاری مەرگی ئەو خوێندکارە ئیلامییەیان بە \"جەڵتەی دڵ\" ڕاگەیاندووە، بەڵام دۆست و نزیکەکانی ناوبراو به دڵنیاییەوە باسیان لە کوژرانی ناوبراو کردووە.

تا ئێستا وردەکاری و هۆکاری مردنی ئەو خوێندکارە کوردە لە لایەن پزیشکی یاسایی ڕانەگەیەندراوە.

دەگوترێت، کاتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە هیچ کام لە هاودیوییەکانی زارا لە پانسیۆن نەبوونە.

میدیاکانی حکوومەتی هۆکاری مردنی ئەو خوێندکارەی کارناسیی باڵای فیزیکیان \"نادیار\" ڕاگەیاندووە.

سەحەر چوویەینی، شەیدا حاتەمی، شیلان ڕەوشەن دڵ و سەیران مەجیدی چوار خوێندکاری دیکەی کوردن کە بە شێوەیەکی گوماناوی لە زانکۆکانی تاران، هەمەدان و ورمێ لە ساڵانی ڕابردوودا گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی هەندێک زانیاری باوەڕپیکراو بەرپرسانی زانکۆ و ناوندە ئەمنییەتییەکانی زانکۆ لە سەرپۆش کردنی پەروەندەی ئەو خوێندکارانە ڕۆڵیان هەبووە.