خوێندکارێکی کوردی زانکۆی هەمەدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا + وێنــه

16:19 - 11 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت لەزانکۆی \"ئازادی هەمەدان\" لەلایەن هێزەکانی سەر بەئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلی ئیمامی خوێندکاری تێرمی کۆتایی رشتەی کامپیۆتێر لەزانکۆی ئازادی هەمەدان بووە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١١‌ی خەزەڵوەر دەستبەسەر کراوە.

\"16505.jpg\"
عەلی ئیمامی خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری سەردەشت لەزانکۆی \"ئازادی هەمەدان\" لەلایەن هێزەکانی سەر بەئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.
بەوتەی کەسانی ئاگادار هێزە ئیتلاعاتییەکان کەلوپەلی شەخسیی عەلی ئیمامی و لاپتۆپی شەخسیی ناوبراویشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو خوێندکارە کوردەیان \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لەحیزبە کوردییەکان\" راگەیەیاندووە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لەشوێنی راگیرانی ئیمامی لەبەردەستدا نیە.

عەلی ئیمامی پێشتریش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشتەوە دەستبەسەر و لێپیچینەوەی لێکرابوو.

لەلایەکی دیکەوە خوێندکارێکی کوردی زانکۆی رەشت و خەڵکی مەهاباد بە ناوی ئارمان پەرویزی بەتۆمەتی هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی لەرێگای هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبە کوردییەکان\" حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕاوەتەوە و ئەو حوکمەش رێکەوتی ٩‌ی خەزەڵوەر بە خۆی راگەیەندراوە.

ئارمان پەرویزی خوێندکاری رشتەی مێعماریی زانکۆی رەشت بووە.