خوێندکارێکی کورد پلەی یەکەمی کارناسی ئابووری بێهداشتی ئێرانی بە دەست هێنا

15:55 - 15 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کورد خەڵکی شاری ورمێ پلەی یەکەمی کارناسی باڵای \"ئابووری بێهداشت\" لە ئاستی ئێرانی بە دەست هێنا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، محەممەد ڕەزا شێخی لە تاقیکاری قۆناغی کارناسی باڵای زانستە پزیشکییەکان لە بەشی\"ئابووریی بێهداشت\" لە ئاستی ئێران پلەی یەکەمی بە دەست بهێنێت.

ئەو خوێندکارە کوردە لە سەهیمەی ئازاد بەشداری کرد و ئەو شانازییەی لە ئاستی ئێراندا بە دەست هێنا.

محەممەد ڕەزا شێخی کوڕی عەبدی و لە دایکبووی شاری ورمێ و دانیشتووی ئەو شارەیە.

قۆناغی کارناسی باڵای ئابووریی بێهداشت، باس لە بوارەکانی بەرهەم هێنان، بەکاربردن و سیاسەتدانانی تەندروستی دەکات.

دەرچووانی باڵای ئابووری بێهداشت دەتوانن لە بوارەکانی، گەڵاڵەی بەرنامەی ئابووری، ڕاوێژ کردنی ئابووری، هەڵسەنگاندنی بازارەکانی تەندروستی و لە ئاستی گەورە و چووکە و بەشداری لە دانانی ڕێسای کار لە پەیوەندی لەگەڵ ئابووری بێهداشت لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ڕاوێژ بکەن.