خوێندکارێکی کورد پاش دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا

15:39 - 21 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار بردراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ ناسر عەلی نژاد خوێندکاری کوردی زانکۆی گیلان و خەڵکی شاری پیرانشار لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستگیر کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو خوێندکارەدا، کامپیۆتێر و هێندێ لە کەلوپەلی شەخسیی ئەو هاووڵاتییەشیان زەوت کردووە.

دەوترێت ناسر عەلی نژاد بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\" دەستبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خوێندکاریی تێرمی شەشی رشتەی ئەندازیاریی سەرچاوە سروشتییەکان (شیلات) بووە.

ماوەیەک لەمەوبەریش هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری چاڵدوران بە ناوی مەجید قولیزادە تەمەن ٣٢ ساڵ، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی نەیاری حکوومەتی ئێران\" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستگیر کرابوو.

مەجید قولیزادە لە زانکۆی تاران سەرقاڵی خوێندن لە رشتەی \"یاسا\"دا بوو و چەندین جاریش بە هۆی رەخنەگرتنی لە نوێنەرانی کوردی مەجلیس دەستبەسەر کرابوو.

بە پێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک ساڵدا(٩٣)، ٢٢ خوێندکاری کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.