خوێندکارێکی کورد لە مافی مورەخەسی بێبەری کرا

21:46 - 8 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد پاش ١٠ مانگ لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سەقز لە مافی مورەخەسی بێبەرییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارێکی کورد بە ناوی \"میلاد عەبدوڵڵاوەند\"، ماوەی ١٠ مانگە بە بێ هاتنە مورەخەسی لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سەقز، دایە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو خوێندکارە کوردە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"ئەم خوێندکارە کوردە بە هۆی نەبوونی بارمتە لە مافی هاتنە مورەخەسی بێبەرییە\".

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەر کراو و پاش دادگاییکردن لە داگای ئینقلابی شاری سەقز بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام\" و \"بێڕێزی بە ڕێبەر لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان\" بە دوو ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

بڕینەوەی ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بۆ ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری ئاڵوگۆڕی بەسەر داهات.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، دەزگایی قەزایی حکوومەتی ئێران بۆ دووهەمین جار لە سەر ئازادکردنی بێ مەرجی میلاد ناڕەزایەتی دەربڕیووە.
میلاد عەبدوڵڵاوەند خوێندکاری بەشی ژمێریارییە.