خوێندکارێکی کورد لە زیندانی شاری سنە لەو تۆمەتانەی وەپاڵی دراوە، بێ ئاگایی خۆی ڕاگەیاند

21:53 - 25 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، دوای نزیکەی ٣٠ی ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتووخانەی شاری سنە، پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"عیرفان ساعدپەنا\"، خوێندکاری کارشناسیی ئەرشەد بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی \"خوارزمی\" تاران، دوای نزیکەی ٣٠ی ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و ئیزنی گرتنی پارێزەریشی نییە.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەم خوێندکارە ٣١ ساڵە لە بارەی بارودۆخی ئەم خوێندکارە کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو چەند ڕۆژ پێش پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و پێیانی وتووە من شتێک نازانم و لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە وەپاڵم دراوە هیچ زانیارییەکم نییە\".

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئەم خوێندکارە کوردەی بانگهێشت کردووە و دواتر لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە دەسبەسەرکراوە، بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی ئەم خوێندکارە لە ڕاستای پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزدا بووە.

عیرفان ساعدپەنا، لە وانەبێژانی زمانی کوردی لە شاری سنەیە و تا ئێستا دوو بەرهەمی ناوبراو چاپ و بڵاو کراوەتەوە.