خوێندکارێکی کورد لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئێعدام کرا

20:52 - 13 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیران، لە شاری کرماشان حوکمی ئێعدامی خوێندکارێکی کوردی لە زیندانی دێزڵاوای ئەو شارە جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی ڕەشەممە، بەرپرسانی زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان، حوکمی لەسێدراەدانی خوێندکارێکی کوردیان بەڕێوە برد.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو خوێندکارە کوردەی بە ناوی \"مەسعوود وەکیلی\" تەمەن ٢٨ ساڵ خوێندکاری زانکۆی ئیسفەهان ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارە کوردە، لەگەڵ یەکێک لە کچە هاوپۆلەکانی پەیوەندیی خۆشەویستی بە مەبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی هەبووە، پاش دەمەقاڵەیەکی بچووک لەگەڵ ئەو کچە، ڕووداوی نەخوازراوی کوشتنی ئەو کچەی لێ کەوتۆتەوە.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، ئەو خوێندکارە کوردەی بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی یەکێک لە هاوپۆلەکانی بە ئێعدام مەحکووم کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی ژانوییە هەتا کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵ، ٢٤٨٤ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەنجام دراوە، کە لەو ڕێژەیە، ١٨٢٨ هاووڵاتیی دسبەسەر، ١٧٧ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار و ٦٤ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە هۆکاری جۆراوجۆر لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران ئێعدام کراون.