خوێندکارێکی کورد لە زانکۆی \"پەیامی نوور\"ی مەهاباد دەسبەسەر کرا

14:54 - 28 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کورد لە زانکۆی پەیامی نووری شاری مەهاباد، پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارێکی کورد لە زانکۆی پەیامی نووری شاری مەهاباد، بە ناوی \"سیامەند وسووق ڕاد\"، خەڵکی گوندی \"بەیرەمـ\"ـی ئەو شارە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی ئەم خوێندکارە کوردە لە شاری مەهاباد و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"هەتا ئێستا لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو خوێندکارە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەوەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بێئاکام ماوەتەوە\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆ و هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم خوێندکارە، زانیارییەکی ورد و دروست لەبەر دەستدا نییە.